هیدی
ـــــــ... چه‌ن کوتێک له ئاوێنه شکاو... ــــ
با هه‌ر لێره خوێنه‌ری به‌رێز له‌وه ئاگادار بکه‌م که له هه‌رجێیه‌کی ئه‌و نووسینه‌دا...مافی بیروبۆچوون له خۆم نه‌ستێننه‌وه، هه‌ر ئه‌و مافه‌ی که من داومه به ئێوه و لێشتان ناستێنمه‌وه»(ل9)
کتێبی «ئاوێنه‌شکاو» ـ یان بیره‌وه‌ری هێدی ـ(خالیدئاغای حیسامی) رازاوه به وێنه‌ی ره‌نگاوره‌نگی ئاغا و سه‌رداره‌کان له لایه‌ن ده‌زگای ئاراسه‌وه بڵاوکرایه‌وه. له مێژبوو تامه‌زرۆی خوێندنه‌وه‌ی بووم ، دیاره هۆیه‌که‌شی ئاشکرایه و له هه‌مووکه‌س ره‌وانتر مامۆستا هێدی خۆی په‌ی پێ بردووه: «ره‌نگه پێیان وابێ من له رێبازی گه‌له‌که‌مدا بووم و ئه‌و ماوه که له سه‌ره‌تای پێکهاتنی کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک و دروست‌بوونی کۆماری مه‌هاباده‌وه ده‌یگرێته‌وه هه‌تا ئه‌وڕَو که حکوومه‌تی فیدراڵی کورد له هه‌رێمی کوردستانی باشوور حوکم ده‌گێڕی، له‌وانه‌یه وای بۆ چووبن که به‌سه‌رهات و کاره‌ساتی وام دیوه که خه‌ڵکی‌تر نه‌یاندیوه...»(ل8)، به‌ڵێ دڵنیام له سه‌دا نه‌وه‌دوونۆی ئه‌وانه‌ی ده‌س‌ده‌ده‌نه خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م کتێبه وه‌ک هێدی ده‌ڵێ هه‌ر وای بۆچوون، به‌ڵام دڵنیاشم له‌سه‌داسه‌دیان له بۆچوونه‌که‌یان په‌ژیوان ده‌بنه‌وه، هه‌ر وه‌ک دیسان هێدی خۆی بۆره ئاماژه‌یه‌کی پی‌َکردووه: «ئه‌گه‌ر نیوه و نیوه‌چڵ له بیریشم مابن گرینگی و نرخێکی ئه‌وتۆیان نییه که خوێنه‌ر خۆی به خوێندنه‌وه‌یان ماندووکا.»(ل7) له راستیدا بیره‌وه‌ری خۆی له به‌ر ئه‌وه‌ی که سه‌ربرده‌یه و ده‌گێڕدرێته‌وه نه‌ک زانست و ره‌ئی که بڵاوکرێته‌وه و بۆوه‌ی بشێ به زانستی‌تر لێکی‌ده‌یته‌وه، ره‌نگه رواڵه‌ته‌ن شیاوی ره‌خنه‌گرتنیش نه‌بێت به‌ڵام مخابن مرۆڤ به‌ته‌ماحه و پێی وایه که به ته‌مای بیستنی شتی نه‌بیستراو گیرفانی خۆی هه‌ڵته‌کاند و کتێبێکی چاپی عیراقی له ئێران کڕی ئه‌وه ده‌بێ به جه‌واڵ شتی تازه‌ی به‌سه‌ردا بڕژێ. دیاره که ته‌ماحه‌که‌ی وه‌دی نه‌هات و وه‌ک قومارکه‌ر دَوڕاندی مه‌جبووره شتێک بڵێ، جا با شتیش نه‌بێ...
ـ مامۆستا هێدی له لاپه‌ڕه‌ی 30دا پاش ئه‌وه‌ی به‌ته‌سه‌لی باسی گوند و بنه‌ماڵه‌که‌یان ده‌کاو ئاغاکان ریز ده‌کات ئاخ هه‌ڵده‌کێشێ و ده‌ڵێ: «داخم بۆ ئه‌و سه‌رده‌مان و ده‌ورانه شیرنه، بۆ ئه‌و تێروته‌سه‌لی و ده‌ست‌رۆیشتن و ماڵه‌ئاوه‌دانه، بۆ ئه‌و هه‌موو راو و سه‌یر و گه‌مه و گاڵته و میوان و هاتووچۆیه.» دواتریش ئاماژه ده‌کا که «شوان وگاوان و گوێلکه‌وان و به‌رخه‌وان و نانکه‌ر و قاپشۆریش هه‌بوون» ، ره‌نگه ئه‌م حه‌سره‌ت خواردنه بۆ ژیانی تایبه‌تی مرۆڤێکی ره‌شایی به هێند نه‌گیرێ، به‌ڵام له که‌سێکی وه‌ک مامۆستا هێدی که له ئه‌ده‌ب‌داناوێکی هه‌یه و له‌یادان نزیکه ناوه‌شێته‌وه، چونکه حه‌سره‌ت‌خواردن به‌وان ده‌مان، حه‌سره‌ت‌خواردنه به ده‌ست‌رۆیشتووییه‌ک که له سای ئه‌ودا ره‌عیه‌ت ده‌چه‌وسایه‌وه، ئه‌گه‌ر هێدی به نرخی ده‌س‌شۆردن له‌و تێر و ته‌سه‌لیه و په‌ڕه‌وازه‌بوون له‌و مه‌وته‌نه‌ی که ئێستا وا به تاسه‌وه یادی ده‌کات له پێناو ئازادی‌دا چه‌کی ده‌س داوه‌تێ ده‌بوو ئه‌م خه‌ونه خۆشانه‌ی تا هه‌تایه له مێشکی خۆیدا کوشتبایه و یادی نه‌کردبایه‌نه‌وه، چونکه له سای ئه‌و ته‌سه‌لییه‌ی هێدی و وه‌کوو هێدیه‌کانه‌وه ده‌یان منداڵی رووت و قووتی کورد برسی و هه‌ژار بوون.
ـ من خۆم به‌و پێیه‌ی ئه‌وینداری ئه‌ده‌بیاتم و به گشتیش له کورده‌واریدا ئه‌ده‌بیات تێکه‌ل به سیاسه‌ته چاوه‌ڕێ‌بووم زۆر باسی نه‌بیستراوی شاعیر و که‌سایه‌تیه سیاسی و روشنبیره‌کانی تێدا ببیسم. به‌ڵام مخابن باسی بیستراوی ئێره و ئه‌وێشی تێدا پاته‌نه‌بوه‌ته‌وه که ببێته سه‌رچاوه‌یه‌کی مه‌حه‌ک بۆ باسه ئاڵۆزه‌کانی ئه‌م ده‌وره‌یه‌ی تیایدا ژیاوه.هه‌ر وه‌ک بڵێی هێدی له‌زه‌مه‌نێکی‌تردا و له وڵاتێکی‌تردا ژیابێت، ئه‌گه‌ر به‌ده‌گمه‌نیش چه‌ندجارێک ناوی پیرۆزی مامۆستا هێمن و خاڵه‌مین هاتووه کابراگوته‌نی به‌ئاشکرا دیاره له‌عیشقی عه‌لی نیه‌و له قینی عومه‌ره!(ته‌نانه‌ت بۆ جارێک و به رێبواریش ناوی مامۆستا هه‌ژارت له نووسراوه و په‌یڤین و شیعره‌کانی هێدی‌دا به‌رگوێ ناکه‌وێت!) بڵێی مامۆستا هێدی که بۆگه‌نیوی زاری پیرێژنێکی حه‌فتاساڵ له‌وه‌پێشی له یاد ماوه (ل33) هیچ بیره‌وه‌ریه‌کی له‌گه‌ڵ ئه‌و نووسه‌ر و ئه‌دیب و شاعیرانه له‌بیر نه‌بووبێت. باسی پێشه‌وا له‌نێو باسی شادا ون بووه به‌ڵام که‌مترلاپه‌ڕه‌یه‌ک ده‌سده‌که‌وێ جارێک ناوی بارزانی تێدا نه‌هاتبێت. دیاره نکۆڵی له رۆڵ و که‌سایه‌تی بارزانی ناکرێ به‌ڵام مه‌نشووره ده‌ڵێن پێوانه که پڕبوو لێی ده‌ڕژێ. پیاو ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر مامۆستا هێدی نه‌ختێک له مه‌لامسته‌فا نزیک بوایه و یه‌ک‌دوو وێنه‌ی له‌گه‌ڵدا بوایه ئاخۆ چی‌تری بۆ ده‌نووسی؟ سه‌یر ئه‌وه‌یه شتێکی نه‌بیستراوی له بارزانیش باس نه‌کردووه و ئیدی هه‌ر ئه‌وه‌یه پیاهه‌ڵده‌ڵێ. یانی نه‌ده‌کرا مامۆستا هێدی له‌و باسه خه‌سته‌ی که بۆ راوه‌تاژی ته‌رخان کردووه (ل44ـ39) یان خود له‌و ورده‌کاریانه‌ی بۆ گه‌مه‌کانی منداڵی وه‌بیری خۆی هێناوه‌ته‌وه و دانه‌دانه و به ژمارده باسیان ده‌کات (زه‌قالێن، مێشێن، ماتێن، چوارجگه، هێلکه‌شکێنه، جگێن، تۆپێن‌به‌داری، میرمیرێن، قه‌رێ‌قه‌رێ، هه‌ته‌رێ‌ومه‌ته‌رێ، شه‌ڕه‌گه‌ڕه‌ک و... ل51ـ45) ببوورێ و یا هه‌رنا نه‌بوورێ و له‌پاڵ ئه‌و راوه‌تاژی و قه‌ری‌َقه‌رێ‌یه تۆزقاڵێکیش باسی مامۆستا هه‌ژار و قزڵجی و قاسملوو و زه‌بیحی و موعینی و ... بکردایه؟
ـ له لاپه‌ره‌ی 53دا باسی کوڕه‌کانی مه‌حموودئاغا ده‌کا و ده‌ڵێ: «ئه‌وانه‌ی ماون هه‌ر کاک‌سه‌لیم و کاک‌جه‌عفه‌ر و کاک‌قه‌ره‌نی شایسته‌ی یادکردنن»، پیاو نازانێ هێدی چۆنه وا به‌هاسانی ده‌که‌وێته هه‌ڵبژاردن و پێی‌وایه ئه‌وه‌ی ئه‌و نه‌یهه‌وێ شایسته‌ی یادکردن نییه. من خۆم نه مه‌حموودئاغا ده‌ناسم و نه کوڕه‌کانی‌تری و نه ئه‌م سێ به‌ڕێزه‌ش، نه وه‌ک خوێنه‌رێکیش به تاسه‌ی ناسینیانه‌وه‌م، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڕیاره نووسه‌ر شه‌جه‌ره‌نامه بۆ تیره‌یه‌ک سازدات ـ که سازی داوه ـ حه‌ق نییه به مه‌یلی خۆی که‌سی لێ هه‌ڵاوێرێ، چونکه ئه‌م مرۆڤانه به چاک و خراپه‌وه هه‌ن و ئیتر ناکرێ سه‌رله‌نوێ دایانڕێژیته‌وه و له که‌و و بێژنگیان ده‌ی. به‌داخه‌وه له‌م روانینه‌دا، هێدی که‌سه نزیکه‌کانی خۆشی ناپارێزێ، بۆنموونه خۆم له مه‌زهه‌ری کوڕیم بیستووه که هێدی ئه‌و به کوڕی خۆی نازانێ!! ته‌نانه‌ت گۆیا بۆ فیستیواڵه‌که‌شی رێگه‌ی نه‌داوه بچێته هه‌ولێر!(ئه‌مه‌شم له مامۆستایه‌کی به‌رێز و باوه‌ڕپێکراو بیست، ره‌ببی وا نه‌بووبێت)
ـ له لاپه‌ڕه‌ی 128دا ده‌ڵێ: «قه‌ت نه‌مدی حکوومه‌ت له هیچ کێشه‌یه‌ک‌دا هه‌ق له دووی ئێمه بدا، هه‌رچه‌ند ئێمه هه‌قیش باین و هه‌ر دژی ئێمه حوکمی ده‌دا ته‌نانه‌ت له دابه‌ش‌کردنی زه‌وی و زاردا که لێیان ئه‌ستاندین به به‌لاش ئه‌و حوکمه به ئاشکرا ده‌بیندرا.» هه‌رچه‌ند ئاغاوات له‌وان سه‌روده‌ماندا هیچ حه‌ق نه‌بوون و په‌ڵه‌یه‌کی ناحه‌ق بوون به سه‌ر ژیانی چاره‌ڕه‌شانه‌ی کوردستانه‌وه به‌ڵام هێشتاش حکوومه‌ت زۆرجار حه‌قی له‌دوی ئه‌وان ده‌دا، با له‌به‌ر حه‌قیانه سه‌پاندنی خۆشی بووبێت. با له‌وه گه‌ڕێین و بڵێن مامۆستا هێدی ئه‌گه‌ر حه‌قی له دو نه‌دراوه چۆن له کلاسی به‌ناو عه‌شایری و به‌ناوئاخن...دا له ریزی یه‌که‌مدا بووه(ل101)، ئه‌ویش که‌نگێ؟ پاش له سێداره‌درانی پێشه‌وا به ده‌ست حکوومه‌تی رێکخه‌ری کلاسی عه‌شایری. ئه‌دی چۆنه بێزی دێت بچێ بۆ سه‌یری رژه‌ی 21ی‌ئازه‌ر که به بۆنه‌ی داگیرکردنه‌وه‌ی کوردستان و له سێداره‌درانی ئاواته‌کانی کورد، له تاران ساز ده‌کرێت؟(ل138) ئه‌دی چۆنه قه‌ڵه‌می به ده‌سته‌وه دێ و مه‌قاله بۆ پێشوازی شای گۆڕبه‌گۆڕ ده‌نووسێ که تازه درگای ئه‌وینی کوردی له گرێژنه بردووه؟ هه‌ر ئه‌وه‌ش نا و به‌ڵکوو له‌گه‌ڵ یادکردنه‌وه‌یدا به‌تام و چێژه‌وه ده‌یگێڕێته‌وه: «شا کوتی ئه‌م مه‌قاله‌یه هی کێیه و بۆ زیاتری نه‌خوێندووه؟، من و ده‌سته‌سوارێک هه‌تا گه‌یشته شار له پێش سه‌یاره‌که‌یدا رۆیشتین»(ل62) ئاخۆ مامۆستا هێدی به‌ڕێز که خۆی گوته‌نی نووسه‌ری پارله‌مانی کۆماری مه‌هاباد بووه(ل72) چۆنه نه‌یکراوه باسی نووسینه‌کانی په‌رله‌مان بکات و په‌رژاوه‌ته سه‌ر مه‌قاله‌یه‌کی به گوێی داگیرکه‌ر خۆش‌هاتوو؟
ـ له لاپه‌ره‌ی 258دا وه‌ک ئه‌میرێک باسی مامۆستا هێمن ده‌کا و ده‌ڵێ: «ئه‌وه ده‌زانین که به‌ڕێوه‌به‌رانی ئیداره‌ی ئینتشاراتی سه‌لاحه‌دین له ناو حکوومه‌ت‌دا زۆر ده‌ست رۆیشتوون و له تاران قسه‌یان ده‌ڕوا، جا هۆی ئه‌وه هه‌رچی بێ»! که‌چی له لاپه‌ڕه‌کانی پێشووتر دا وه‌ک نۆکه‌رێک لێی ده‌دوێ و ده‌ڵێ: «هێمن له‌داخان چوو بوو به نۆکه‌ری عه‌جه‌مان به نانه‌زگی»!(ل174) که‌س نییه بپرسێ ئاخۆ ئه‌و خزمه‌ته‌ی هێمن به نۆکه‌رایه‌تی له عه‌جه‌مستان کردی، مامۆستا هێدی به ئاغایه‌تی له کوردستاندا تۆزیشی شکاند؟!
ـ بیره‌وه‌ری چی هه‌ڵده‌گرێ؟
ره‌نگه بێ‌ئینسافی بێت هێنده له وشه ورد بینه‌وه، به‌ڵام جارهه‌یه ناچاریت به قووڵایی وشه‌دا رۆچیته خوارێ، چونکه چاوه‌ڕێی شتێکی لێ ده‌که‌یت و هه‌رچی تێی راده‌مێنی تیایدا نابینێوه. ئه‌گه‌ر له «بیره‌وه‌ری» ورد بینه‌وه رابردوومان دێته‌وه یاد، ئه‌گه‌ر به رابردوودا بچینه‌وه ئه‌شێ تۆز له سه‌ر ئه‌و یاده‌وه‌ریانه لاده‌ین که زه‌مه‌نێکی پێش ئێستایان داگیرکردووین. که وایه ئێستا له بیره‌وه‌ری‌دا جێگه‌ی نییه، ئه‌گه‌ر بێت‌و جێگه‌ش بگرێ ئه‌شێ کورت و سه‌رزاره‌کی ببڕدرێته‌وه. له‌لاپه‌ڕه‌ی 233وه تا249 مامۆستا هێدی وه‌ک یاساوڵێکی چه‌ک به ده‌ست هه‌ڵیکوتاوه‌ته سه‌ر کوڕی مه‌لا،خۆی‌گوته‌نی، و پێستی له هێسکان داماڵیوه. له بیره‌وه‌ری وگێڕانه‌وه‌ی سه‌ربرده‌ی لاداوه و په‌ڕیوه‌ته سه‌ر هێلی ره‌خنه و رۆژنامه‌گه‌ری. من خۆم تا نووسینی ئه‌م ره‌خنه‌یه هێشتا هێدی‌ئاسا «گه‌شتی‌ژیانم» ته‌واولێک‌نه‌داوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڵێین هێدی حه‌قیه‌تی و پێی‌زانیوه و وه‌ده‌نگ هاتووه، دیسانیش پێموانییه شوێنی ئه‌م ره‌خنه‌گرتن و وه‌به‌رپلاردانه ناوئاخنی کتێبێکی به‌ناوبیره‌وه‌ری بێت. سه‌یر ئه‌وه‌یه مامۆستا هێدی خۆشی ئه‌مه‌ی پێ زانیوه و ئاوای پاکانه بۆ ده‌کا: «به‌ڕاستی گۆڤاریش جێی ئه‌و راز و گله‌ییانه‌یه نه‌ک پێداچوونه‌وه‌ی بیره‌وه‌ری به‌ڵام من یه‌که‌م له‌به‌رئه‌وه که سه‌ر به هیچ لایه‌نێکی سیاسی یانی ئه‌ندامی هیچ حیزبێک نیم و جاری وا بۆ پارێزگاری له شه‌خسییه‌ت و که‌رامه‌تی پێشمه‌رگایه‌تی خۆم گۆڤار و رۆژنامه‌م به‌ده‌سته‌وه نییه نووسراوه‌ی بده‌مێ...هتد»(ل237) ئه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه که ئه‌م کتێبه ئاخنراوه به ناوی بارزانی و بۆ ده‌رمان چییه جارێک ناوی که‌سێکی‌تری وه‌ک تاڵه‌بانی تێدا نییه، ئه‌وه به جێی خۆی، با سه‌یرێکی ئه‌م رستانه‌ش بکه‌ین: «دوکتور رۆژی سه‌ره‌ک وه‌زیر پێی کوتم له‌وڕۆ به‌ولاوه هه‌تا له کوردستانی عیراقی هه‌موو ئیمتیازێکی وه‌زیری هه‌رێمی کوردستانت هه‌یه، که ئه‌و ئیمتیازه به پێی فه‌رمانێکی ره‌سمی به ئیمزای سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دوایی به من ته‌سلیم کرا له ئیعتباری رۆژی دانیشتنه‌که‌وه و هه‌روه‌ها گوتی له هیچ دائیره‌یه‌کی حکوومه‌تیش نابێ قسه‌ی تۆ ره‌د ببێته‌وه و ئه‌وه شتێکی بچووکه حکوومه‌تی هه‌رێم بۆ تۆی ده‌کا...»(ل299) ده‌ی ئاخۆ ئه‌م نیوه‌شای بێ‌جوققه‌یه نه‌یده‌کرا بچێته دائیره‌ی رۆژنامه یا گۆڤارێک و بڵێ یان ئه‌و ره‌خنه‌یه‌م بۆ چاپ ده‌که‌ن یان بارگه‌تان ده‌پێچنه‌وه؟! من لێره‌دا مه‌به‌ستم له سه‌ر حه‌ق بوون یان نه‌بوونی هێدی یان مامۆستا مه‌سعوود محه‌مه‌د نییه، به‌ڵکوو خه‌فه‌تێکه‌و بۆ گوێی مفتی خوێنه‌ری ده‌خۆم که له خوێندنه‌وه‌ی بیره‌وه‌ری‌دا ده‌بێ ته‌رخانی کات بۆ کۆنه قین. وه‌ک ئه‌وه‌ی مامۆستایه‌کی ئه‌ده‌بیات له کاتی وانه‌گوتنه‌وه‌دا له پڕ ده‌ست بکا به لێکدانه‌وه‌ی پێکهاته‌ی که‌ڵه‌بابێک و سه‌رسووڕمان و پێ‌لێنانی خۆی ده‌ربخا. هێدی هه‌ر خۆی ده‌ڵێت: «من به دره‌نگێکه‌وه، یانی له جه‌نگه‌ی نووسینی ئه‌م دێڕانه‌دا چاوم به‌و کتێبه که‌وت و هێشته چاکم نه‌پشکنیوه»(ل236) که‌وایه هه‌م بیره‌وه‌ری نییه و هه‌میش له ئێستا نادوێ، ناته‌واوه و مه‌یله‌و داهاتووه.
ـ با که‌مێک بگه‌ڕێینه‌وه دواوه و بڕوانینه ئه‌م په‌راگرافه:«پیاوێک بووم که ده‌وری پێشمه‌رگه‌یه‌کی دڵسۆزم دیوه و هیچی‌تر و ئه‌ویش هه‌ر به‌خه‌یاڵی خۆم دڵسوز ده‌نا که‌س ئه‌وه‌ی بۆ من نه‌سه‌لماندووه، به تایبه‌تی م.س پارتیی به ناو هاوکارم که هه‌ڵوێستی ئه‌وڕۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌و دڵسۆزه خه‌یاڵییه و هه‌ر به تێکڕایی دوای کۆچی بارزانی نه‌مر هه‌ڵوێستیکی وایه که بۆ خایینێکی زۆر خه‌ته‌رناک ده‌بێ و خواهه‌ڵناگرێ له‌وه‌دا قسووریان نه‌کردووه..»!(ل8) بۆ ره‌خنه نابێت هه‌ر پرسیارێک ده‌که‌م: ئاخۆ کام لایه‌ن ،کام حیزب و کام به ناو پارت ماڵ بۆ خاینه‌که‌ی دابین ده‌کا، ماشینی بۆ ته‌رخان ده‌کا، سێ ئیسکۆرتی بۆ داده‌نێ، فیستیوالی بۆ ساز ده‌دا، کتێبی بۆ چاپ ده‌کاته‌وه، کام حیزبه ته‌نانه‌ت ئه‌م وشانه‌شی بۆ چاپ ده‌کا،ئه‌دی کام پارت حوکمی وه‌زیرێک به خایینه‌که‌ی ره‌وا ده‌بینێ؟؟ خۆ ره‌نگه هه‌م مامۆستا هێدی و هه‌میش هه‌موو شاعیره مه‌زنه‌کانی کورد شایانی له‌و ئیمکانیه‌تانه زیاتریش بن، به‌ڵام حه‌ق نییه نان بخۆیت و که‌وڵ بدڕێنی.
ـ کاتێ ره‌خنه‌یان له هێمن گرت که بۆچی له‌و سه‌ره‌تا دوور‌و درێژه‌ی تاریک و روون‌دا له یه‌ک شوێنا باسی خێزانه‌که‌ی خۆت به‌ناو نه‌کردووه فه‌رمووی: «ئه‌وه پاشماوه‌ی ژیانی چینایه‌تی بووه که ته‌ئسیری کردووه له مندا و دوایه له مه‌قاله‌یه‌کی بچووکدا مه‌عزه‌ره‌تم خواستووه.» (هه‌واری‌خاڵی‌ل256). ئه‌دی بڵێی چشتێ ته‌ئسیری له هێدی‌دا کردبێ که له‌و شوێنانه‌ی باسی خێزانی کردووه ناوی ناهێنی و پێی ده‌ڵێ«منداڵه‌کان»! ته‌نیا له لاپه‌ڕه‌ی 317دا نه‌بێت که له سه‌ر پته‌ی که‌وتووه وله زمان هێرۆی برازای منداڵه‌کانه‌وه! قسه ده‌کا و ده‌ڵێ «باجی ئامین»؟
ـ له ئاکامدا مامۆستا هێدی ده‌ڵێ : «بیره‌وه‌ری هه‌یه که له بیرم ماوه و خۆم ناینووسم، چونکه نه له مسته‌وای نووسین دایه، نه به‌که‌ڵکی خوێندنه‌وه‌ی خوێنه‌ر دێ.ـ ل319» خۆزگه مامۆستا چاوێکی به‌م بیره‌وه‌ریانه‌دا بخشاندایه‌ته‌وه و رێزی وشه وکاتی خوێنه‌ری بهێنایه‌ته به‌رچاو و بیگوتایه که ئاخۆ له سه‌ر ئه‌و بیره‌وه‌ریانه‌ی له بیری ماوه و ناینووسیت‌ڕا ئه‌وه گاڵته‌کردن به خوێنه‌ر نییه که ئه‌م رستانه‌ی پێ له مسته‌وای نووسین‌دا بوون بووه: «ئه‌وکه‌پسوولانه‌ی به‌ناوی دیزوپیرامید 100ملم بۆیان دانابووم و روژێ3جار و هه‌رجاره ده‌نکێک سه‌رفم ده‌کرد لێی مه‌نع‌کردم و له جیاتی ئه‌و چه‌شنه حه‌بێکی نووسی به ناوی ترازیکور40ملم که رۆژێ دووجار سبه‌ینێ و ئێوارێ ده‌نکێکی بخۆم، له‌گه‌ڵ ئه‌ویش بۆ که‌م‌کردنه‌وه‌ی رێژه‌ی شه‌کری خوێن حه‌بێکی بۆ دانام به‌ناوی میت فورمین 500ملم ئه‌ویش رۆژێ دووجار و له‌گه‌ڵ وانیش نه‌وعێکی حه‌بی ویتامین E رۆژێ جارێک»! ئه‌وه نموونه‌یه‌ک بوو ده‌نا له‌و رسته له‌مسته‌وادابوونانه زۆر وه‌گیر خوێنه‌ر ده‌که وێ.
ـ پاش هه‌مووشت باشه بڵێم خۆش‌ویستنی لایه‌نی شاعیرێتی مامۆستا هێدی ئه‌وه‌ی به من نووسیوه، یانی له‌لای خۆم ئه‌وه خۆشه‌ویستی‌یه‌و نازێکه به‌سه‌ر گه‌وره‌یه‌که‌وه‌ی ده‌که‌م و داوای شتی باشی لێده‌که‌م. من هێدیم وه‌ک شاعیرێکی باشی گه‌له‌که‌م له دڵدایه و له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌م که له تازه‌کردنه‌وه‌ی شیعری کلاسیکی کوردی‌دا خانه‌یه‌کی بۆخۆی ته‌رخان کردووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا ئه‌گه‌ر ئه‌م بیره‌وه‌ریانه‌شی نه‌نووسیبایه زه‌ڕێکی بۆ په‌ز نه‌بوو.
ك.ج ـ هه‌ڵوه‌دا ـ سه‌رماوه‌زی1387www.halvada.blogfa.com
پێشکه‌وتن به‌ره‌و دواوه ته‌نیا رێگه‌ی رزگاریمانه. وه‌رن راوه‌ستین و ئاوڕ ده‌ینه‌وه له‌و ملیار مرۆڤه‌ی به‌جێماون.